زه‌نگی مه‌ترسی بۆ ئابووری عێراق لێده‌درێت
عێراق تووشی قەیرانێکی گه‌وره‌ی دارایی دەبێت و ورده‌كارییه‌كه‌ی بخوێننه‌وه
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە و ناسەقامگیری گەرووی هورمز، ئابووریی عێراق لە ساڵی 2026 دا بە ڕێژەی 6.8% پاشەکشە دەکات. ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت و مەترسی لەسەر سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاته‌كه.
ئه‌مڕۆ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) له ڕاپۆرتێكدا پێشبینی داڕووخانی ئابووری عێراقی كرد و بڵاویكرده‌وه، پێشبینی دەکرێت له ئه‌نجامی جه‌نگی ناوچه‌كه نرخی نەوت 110 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەش فشاری هەڵاوسان و گرانی لە بازاڕەکانی عێراقدا زیاتر دەکات. هه‌روه‌ها، عێراق لە دوای قەتەر، دووەم وڵاتی ناوچەکەیە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش وای کردووە حکومەت بكه‌وێته به‌رده‌م فشاری کەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی خەرجییەکان.
له ڕاپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق بە ڕێژەی %6.8 دادەبەزێت، ئەمەش له دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان. هۆكاری سه‌ره‌كیش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ داخستنی گه‌رووی هورمز و دۆخی خراپی ناوچه‌كه.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەخت دەکاتەوە، عێراق ڕووبەڕووی ناسەقامگیری داهاتی نەوت و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه بۆ سه‌ر داهاتی ناوخۆ و بازاڕ تووشی گرانی ده‌كات.
لە کۆتاییدا نووسیویه‌تی، ئەگەر ململانێکان درێژە بکێشن، کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی قورس‌تر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پلانێکی خێرای ئابووری هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم قەیرانە لە ساڵی داهاتوودا.