پایتەخت

ئاژانسی ڕۆیتەرز: رەنگە ترەمپ ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بێت

ئاژانسی ڕۆیتەرز: رەنگە ترەمپ ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بێت
لە ئەرشیفەوە؛ دیداری ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی پاکستان
کورتە

تەنیا چەند ڕۆژێک ماوە وادەی ئاگربەست کۆتایی پێبێت و تا ئێستاش شاندی ئێران نەگەیشتووەتە پاکستان.

سەرەڕای لێدوانە ئەرێنییە بەردەوامەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بەڕێوەچوونی دووەم گەڕی دانوستان، ئێران تا ئێستا بڕیاری بەشداریکردنی نەداوە.

ئەمڕۆ سێشممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی ئاشکرای کرد، ئەمریکا باوەڕبەخۆبوونی لە دانوستانەکان بۆ ئاشتی لەگەڵ ئێران نیشانداوە، بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکە ڕەچاوی بەشداریکردن دەکات، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئەم سەرچاوە پاکستانییە بۆ ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دۆخە بەباشی دەڕوات و بەیانی دانوستان دەکرێت، تەنانەت ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی بەشداری مەڕاسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بکات، یاخود بەشێوەی ئۆنڵاین بەشدار بێت.

لەلایەکی دیکەوە، کەمێک لە مەوبەر تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ شاندێکی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەچووەتە پاکستان.

دوێنێ دووشەممە 20-4-2026، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەو گومانانەی ڕەتکردەوە کە پێیانوایە دانوستاندنەکان هەڵدەوەشێنەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر پێشکەوتن هەبێت، ئامادەیە خۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی تاران کۆببێتەوە، بۆیە لەم ساتەدا گریمانەی ئەوە دەکات کە کەس یاری ناکات و هەمووان جیدیین.

 پێشووتر گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە 11ـی ئەم مانگەدا بێ ئەنجام کۆتایی هاتبوو و ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەش، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی پێدێت.

21 نیسان 2026 11:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026