وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە
بەهۆی چەندین تۆمەتی "بەدڕەوشتی"، وەزیری کاری ئەمریکا پۆستی حکومەت جێدەهێڵێت و دەچێت لە کەرتی تایبەت کار دەکات.
لەماوەیەکی کورتدا سێیەم بەرپرسی باڵای ئەمریکا لە ئیدارەی ترەمپ دەستی لەکار کێشایەوە و ئیستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ستیڤن چانگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشكی سپی ڕایگەیاند، لۆری چافیز دێریمەر، وەزیری کاری ئەمریکا پۆستی حکومەت جێدەهێڵێت و دەچێتە کەرتی تایبەت، بەڵام بەدیارکراوی ئاماژەی نەدا لە کوێ بەردەوامی بە کارەکانی دەدات. لە شوێنی لۆری چافیز، دێریمەر کیس سۆندەرلینگ دەستبەکار دەبێت.
لەلای خۆیەوە، لۆری چافیز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: "شەرەف و شانازی بوو کە لەم ئیدارە مێژووییەدا خزمەت بکەم و بۆ مەزنترین سەرۆکی ژیانم کار بکەم." گووتیشی:"چاوەڕێ دەکەم داهاتوو چی لەگەڵ خۆی دەهێنێت."
دەستلەکارکێشانەوەی لۆری چافیز لە کاتێکدایە، بە گوێرەی نیویۆرک تایمز، لەم دوایانەدا ناوبراو چەندین تۆمەتی "ناوزڕاندن"ـی لە دژی هەڵبەسترابوو، لەوانەش، هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆی، هەڵگرتنی خواردنەوەی کحولی لە نێو ئۆفیسی کار، بەکارهێنانی خەرجییە گشتییەکانی حکومەت بۆ پارەدارکردنی گەشتە تایبەتەکانی خۆی.
لەئێستادا وەزیری کاری ئەمریکا و کەسە نزیکەکانی خۆی لەلایەن سەرۆکی پشکنەری وەزارەت لەسەر تۆمەتی "کاری بەدڕەوشتی" لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
لۆری چافیز دێریمەر دوای وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی و داد، دەبێتە سێیەمین بەرپرسی باڵا کە لە ماوەیەکی کورتدا لە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ دوور دەکەوێتەوە.