شەپۆلێکی نوێی ژەهراویبوون بە خواردنەوە کحولییە ساختەکان سێ شاری ئێرانی گرتووەتەوە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 5 کەس گیانیان لە دەست داوە و نزیکەی 150 کەسی تریش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

 

ئەمڕۆ تۆڕی هه‌واڵی ئێران ئینتەرناشناڵ له‌ زاری ناوەندە پزیشکییەکانی ئێرانه‌وه‌ بڵاویکردەوە، کە زۆربەی تووشبوونەکان لە شاری نەیشابوور لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و هەردوو شاری شیراز و مەروەدەشت لە پارێزگای فارس تۆمار کراون.

 

بە گوتەی میلاد تەقدیسی حەیدەریان، جێگری کاروباری چارەسەر لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی نەیشابوور، ژمارەی ژەهراویبووان لەو شارەدا گەیشتووەتە 120 کەس کە چواریان گیانیان لە دەست داوە، یەکێکیان تووشی مەرگی مێشک بووە و 11 نەخۆشیش لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان.

 

هاوکات غەزالە دۆستپەرەست، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی نەیشابوور ئاشکرای کردووه‌، کە 14 تووشبوو لە بەشی چاودێریی چڕن، 40 کەس شووشتنەوەی بەپەلەی گورچیلەیان بۆ کراوە، 18 کەس ڕەوانەی مەشهەد کراون و 16 کەسیش نەخۆشخانەیان جێ هێشتووە؛ هۆشداریشی دا کە ئامارەکە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا بەرزتر دەبێتەوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، حوسێن ئەردەمە، داواکاری گشتیی نەیشابوور، دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ڕاگەیاند و پەڕاوی دادوەریش بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە و شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەو خواردنەوانە کراوەتەوە.

 

لە پارێزگای فارسیش، ئەمین نیاکان، جێگری چارەسەر لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز ڕایگەیاندووه‌، کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 30 کەس بە مێتانۆل لە شیراز و مەروەدەشت ژەهراوی بوون، کەسێکیان گیانی لە دەست داوە و چوار نەخۆشیش لە چاودێریی چڕدان.

 

پزیشکانی وڵاته‌كه‌ هۆشداری دەدەن، کە مێتانۆل ڕەنگە لە 12 تا 24 کاتژمێری سەرەتادا بێنیشانە بێت، پاشان دەبێتە هۆی کوێربوونی هەمیشەیی، گەشکە، بێهۆشیی قووڵ، لەکارکەوتنی گورچیلە و جگەر و مەرگ؛ هیچ چارەسەرێکی خۆماڵیشی بۆ پووچەڵکردنەوەی نییە.

 

پزیشکێكی پسپۆڕی وڵاته‌كه‌ به‌ناوی موشیرییه‌وه‌، هۆکاری سەرەکیی مەرگ و کوێربوونی بۆ درەنگگەیشتنی نەخۆشەکان لە ترسی کێشەی یاسایی گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە داوه‌، کە تەنانەت شووشە مۆرکراوەکانیش ڕەنگە لە کارگە ژێرزەمینییەکاندا بە مێتانۆل و دەرمانی خەو دروست کرابن، لە کاتێکدا عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستی، پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینە 10 هێندەی ئاماری نەخۆشخانەکان بێت.

 

لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوانەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران ڕەخنەی توندیان لە قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەكان گرت و ئەو ڕێبازەیان بە هۆکاری دروستبوونی بازاڕی ڕەش و نەمانی چاودێریی چۆنیەتی ناو برد.

 

بەشێک لە هاووڵاتییان داوایان کرد کە هاوردەکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەكان بە یاسایی و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان ڕێک بخرێن، تاکوو لە بری خواردنەوەی پێوانەیی، ژەهر نەدرێتە دەست گەنجان.

 

هاوکات کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دامەزراوەکانی حکومەت و سوپای پاسدارانیان بە بڵاوکردنەوەی خواردنەوە ساختەکان تۆمەتبار کرد و ئاماژەیان بە فرۆشتنی مێتانۆل لە ئینستاگرام بە ناوی 'کهوولی 90%ی گەنمەشامی' بە 300,000 تمەن (3,000,000 ڕیاڵ) بۆ هەر لیترێک دا.

 

ئامارە تۆمارکراوەکان نیشانی دەدەن کە شارەکانی کەرەج، تاران، مەشهەد، ساری و ئەهواز بەرزترین ڕێژەی ژەهراویبوونیان هەیە؛ لە مانگی 12ی 2025 لە ئێرانشەهر و بەمپوور 8 کەس گیانیان لە دەست دا و کەسێک کوێر بوو، هەروەها لە مانگی 10ی 2024یشدا 4 کەس بە تاوانی فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی ساختە، کە 17 کەسی کوشتبوو، لە سێدارە دران.

 

ئەم قه‌یرانه‌ دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەکردنی خواردنەوە كحولییه‌كان لە ئێران لە ساڵی 1979وە کە تێیدا تەنیا کەمینە ناموسڵمانەکانی وەک مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتییەکان بە شێوەی تایبەت مافی خواردنەوەیان هەیە، ئەمەش بازاڕێکی نهێنیی بەربڵاو و مەترسیداری دروست کردووە.