ڕۆژی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دەکرێت.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی ڕۆژی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێت.
 

سەبارەت بە ماوەی دابەشکردنەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمی پارەی کاش لە بانکەکان دابەشکردنەکە ماوەی 5 ڕۆژ دەخایەنێت.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە: " لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت، کە لەدوای 2024-1-7 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت."