لە ڕۆژی یەکشەممەوە، بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆدی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان بۆ ناگەڕێتەوە. بەرپرسانی پسوولەی خۆراک دەڵێن، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر هێڵن.

 

ئەمڕۆ مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند کە لە دوێنێوە کۆدی پشتڕاستکراوی فۆڕمی خۆراک بۆ سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیراوە و ناگەڕێتەوە، بەم هۆیەوە کێشە بۆ دەیان هاووڵاتی دروست بووە.

 

مەریوان هادی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هاووڵاتییانەی بە سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم داواکاریی جیابوونەوە، هاوسەرگیری یان هەر داواکارییەکی دیکە پێشکەش دەکەن کۆدیان بۆ ناچێتەوە؛ تەنانەت ئەوانەشی کۆدی فۆڕمی خۆراکیان لەبیر چووەتەوە و دەیانەوێت دووبارە کۆدێکی نوێ دروست بکەن، کێشەیان بۆ دروست بووە.

 

بەگوێرەی داتای پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە، نزیکەی 110 هەزار کەس فۆڕمی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە؛ مەریوان هادی گوتی: "زۆربەی بەشداربووانیان سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆمیان هەیە و زۆربەی داواکارییەکانی ئەمڕۆی هاووڵاتییانیش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گۆڕینی ژمارەی مۆبایل بووە."

 

ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی، قسه‌ی بۆ پایتەخت میدیا كرد و ئاشكرای كرد، كه‌ ئه‌وانیش ئەو کێشەیەیان هەیە، وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستانیان لە کێشەکە ئاگادار کردووەتەوە.

 

بە گوتەی ئاراس محەممەد، ئەوانەی کۆدی فۆڕمی خۆراکیان بیر نەچووەتەوە کێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵکوو دەتوانن بەرنامەکە بەکار بهێنن.

 

هەر ئەمڕۆ سیامەند نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی شەممەوە کێشەیەکی هونەری لە سیستەمی فۆڕمی خۆراکدا هەیە؛ هێشتا یەکلا نەبووەتەوە کە کێشەکە لە سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆمە یان لە سیستەمەکەدایە.

 

سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێ، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و وەزارەتی بازرگانی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە و هەموویان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر هێڵن.

 

حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی دهۆک، بە پایتەخت میدیای گوت: "دەبوایە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئێمەیان ئاگادار کردبایەوە و بە هەموو شێوەیەک لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."

 

حوسێن سەبری ئاماژەی بەوە کرد، کە بە هۆی نەهاتنەوەی کۆد کاروباری هەزاران کەس ڕاگیراوە؛ هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كان، لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 265 هەزار کەس فۆڕمی پسوولەی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە.