هێرش سەلاح دیلمانی، کوڕی شەهیدی فەرماندە لیوا سەلاح دیلمانی، دوای زیاتر لە 20 ساڵ خزمەتکردن وازهێنانی خۆی لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ هێرش سەلاح دیلمانی پهیامێكی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووک بڵاوکردەوە و ڕایگهیاند، كه دوای بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی زۆر گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کۆتایی بە خزمەتکردنی لە ناو یەکێتیدا بهێنێت.
ناوبراو لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەیەوە گوتی: "هەندێک جار لەو شوێنەی بە دڵسۆزی خزمەتی دەکەیت ئەو وەفایە نابینیتەوە کە چاوەڕێی دەکەیت، هەندێک بێدەنگی لە هەزار قسە ئازاربەخشترە و هەندێک بێوەفایی هەموو ماندووبوونێک لە دڵدا دەشکێنێت."
له بهشێكی دیكهی پهیامهكهیدا ڕوونی کردووەتەوە، کە وازهێنانی لە خزمەتی حزبی، پلە و پۆست و ئیمتیاز، بە مانای لەبیرکردنی ڕابردوو، پشتکردنە هاوڕێیان یان کەمکردنەوەی قوربانی شەهیدان نییە و ئاماژهی بهوه كرد، كه ئهو لە خزمەتکردنی حزب واز دەهێنێت بەڵام لە خزمەتکردنی خەڵک و نیشتمانەکەی واز ناهێنێت، لە پلە و پۆست و ئیمتیاز واز دەهێنێت بەڵام لە بەها و بنەما پیرۆزەکانی واز ناهێنێت.
هێرش سەلاح دیلمانی لە كۆتایی پەیامەکەیدا ئاشكرای كردووه، کە باوکی، شەهیدی فەرماندە لیوا سەلاح دیلمانی، ژیانی خۆی لە پێناو کوردایەتیدا بەخشیوە و ئەو ڕێگایە بەشێک بووە لە ناسنامەی بنەماڵەکەی، بەڵام ئێستا بۆ پاراستنی ڕێز و کەرامەتی خۆی بڕیاری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی داوە لە ژیانیدا.
دهقی ڕاگهیهنراو:
بۆ هەموو خزم و هاوڕێ و دۆستە خۆشەویستەکانم: زیاتر لە 20 ساڵ تێکۆشان، 20 ساڵ باوەڕ، 20 ساڵ لە تەمەنی ژیانم.
من بە هەست و باوەڕێکی گەورە هاتمە ئەم ڕێگایە، بە خەون و هیواوە دەستمپێکرد، بەڵام هەرگیز وام نەدەزانی ڕۆژێک دێت کە بە دڵێکی پڕ لە بیرەوەری و ئازارەوە بیر لە جێهێشتنی بکەمەوە.
لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا بەشێکی زۆری تەمەن و هێز و وزە و خەونەکانم تەرخان کرد، زۆر جار بێدەنگ بووم، زۆر جار چاوەڕێی گۆڕان بووم، بەو هیوایەی ئەو باوەڕ و ئامانجانەی بۆیان هەنگاوم ناوە ڕۆژێک بێنە دی.
من لە بنەماڵەیەکی خاوەن مێژوو و گیانبەخشین هاتووم. باوکم، شەهیدی فەرماندە لیوا سەلاح دیلمانی، ژیانی خۆی لە پێناوی کوردایەتی و ئەو باوەڕ و ئامانجانەدا بەخشی. بۆیە ئەم ڕێگایە بۆ من تەنیا شوێنێکی کارکردن نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە ناسنامە و شانازیی بنەماڵەکەم.
بەڵام ژیان ئەو وانەمان پێ دەدات کە هەموو ڕێگایەک هەمیشە بە هەمان هەست و باوەڕ بەردەوام نابێت. هەندێک جار لەو شوێنەی بە دڵسۆزی کاری تێدا دەکەیت، ئەو ئەمەکدارییە نابینیتەوە کە چاوەڕێی دەکەیت؛ هەندێک بێدەنگی لە هەزار قسە ئازاربەخشترە و هەندێک بێئەمەکی هەموو ماندووبوونێک لە دڵدا دەشکێنێت.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 20 ساڵ تێکۆشان، بە بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی زۆر گەیشتوومەتە ئەو بڕیارەی کۆتایی بە کارکردنم لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بهێنم.
ئەم بڕیارە بە واتای لەبیرکردنی ڕابردوو، پشتکردنە هاوڕێیان، یان کەمکردنەوەی گیانبەخشینی شەهیدان نییە. من شانازی بەو ساڵانەوە دەکەم کە بە دڵسۆزی تێیدا تێ کۆشاوم.
من لە کاری پارتایەتی واز دەهێنم، بەڵام لە کارکردن بۆ خەڵک و نیشتمانەکەم واز ناهێنم؛ لە پلە و پایە و دەستکەوتەکان واز دەهێنم، بەڵام لە بەها و بنەما پیرۆزەکانم واز ناهێنم.
20 ساڵ بەشێک بوو لە مێژووی ژیانم، نەک تەواوی ژیانم. ڕێگایەک کۆتایی دێت، بەڵام خۆشەویستیی نیشتمان و شانازی بە مێژووی خۆمان هەمیشە دەمێنێتەوە.
هەندێک جار کۆتاییهێنان بە ڕێگایەک بە واتای شکست نییە، بەڵکوو بڕیارێکە بۆ پاراستنی ڕێز و شکۆی خۆت.
ڕێز و سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەم 20 ساڵەدا هاوڕێ و هاوسەنگەرم بوون؛ مێژووم لەگەڵمە، بیرەوەرییەکانم لەگەڵمە، بەڵام ئێستا کاتی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە لە ژیانمدا.
هێرش شەهید سەلاح دیلمانی
2026/11/23