زانیارییە نهێنییەکان ڕاستییەکی جیاوازیان لە جورفولسەخر ئاشکرا کردووە، کە تا ئێستا کەتائیبی حیزبوڵڵا لە شوێنی خۆیەتی و بە نێوەندگیریی ئیسماعیل قائانی ماوەی ساڵێکی پێ دراوە.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی مەدا لە بەدواداچوونێکدا بڵاوی کردەوە، كه پۆلیسی فیدراڵی لە نزیک موسەیەب و دوور لە بنکەکانی حیزبوڵڵا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا لیواکانی 45 و 46 و 47ی ئەو هێزە بەبێ هەڵوەشاندنەوە ماونەتەوە.
دوای ئەوەی حیزبوڵڵا هەڕەشەی بردنی شەڕی بۆ ناوچەی سەوز کرد، قائانی بەپەلە لەگەڵ حەمیداوی، هادی عامری و فالح فەیاز کۆبووەوە و گواستنەوەی چەکە قورسەکانیشی خستە دوای ڕێکەوتی 30ی حوزەیرانی 2027.
هەرچەندە تاران لەم سەرکێشییەی حیزبوڵڵا تووڕەیە و خەریکی پێکهێنانی دەستەی گوێڕایەڵترە، بەڵام دەستەیەکی نوێی نەناسراو بە ناوی 'عەسائیب ئەلجیهاد' بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هەڕەشە لەو پارتە شیعانە دەکات کە چەکیان ڕادەست کردووە.
هاوکات لەگەڵ گومانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تەقینەوە خوێناوییەکەی بۆریی گازی هارسەی بەسرەدا، چاودێران دەڵێن: "ڕێککەوتنی جورفولسەخر سەلماندی کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەست و پێی عەلی زەیدی، سهرۆكوهزیرانی عێراقی بەستووەتەوە."
جورفولسەخر لە ساڵی 2014ەوە دوای دەرکردنی داعش لە باکووری بابل داخراوە و بەرژەوەندییە ئابووری و ئهمنییهكانی هێزە فەرمانڕەواکان ڕێگرن لەوەی دەوڵەت بەتەواوی دەستی بەسەردا بگرێت.