لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، دابەشکردنی غاز بە نرخی پاڵپشتیکراو لە شاری سلێمانی ڕاگیرا؛ سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز دەڵێ، هیچ کێشەیەکی کەمی غازیان لە پارێزگاکەدا نییە.

 

ئەمڕۆ عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لێژنه‌ی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی، بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دابەشکردنی غازی 500 دیناری لە ڕێگەی بەنزینخانەکانەوە لە شاری سلێمانیدا ڕاگیرا.

 

سەبارەت بە هۆکاری ڕاگرتنی کارەکە، عومەر عەبدوڵڵا گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هۆکاری ڕاگرتنەکە ئاگاداریان نەکردووینەتەوە."

 

لە ڕۆژی سێشەممە 10-11-2026ەوە، کاری دابەشکردنی غازی 500 دیناری دەستیپێکردووە. عومەر عەبدوڵڵا ئەوەشی خستە ڕوو، كه‌ دابەشکردنی غاز بە نرخی پاڵپشتیکراو تەنیا بۆ هاوکاریکردنی خەڵک و ڕێگریکردن بووە لە گرانکردنی غاز.

 

سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بە پایتەخت میدیای گوت: "دابەشکردنی غازی 500 دیناری تاکوو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەردەوام بووە؛ بەدڵنیاییەوە سبەی هۆکاری ڕاگرتنەکە ڕوون دەکرێتەوە."

 

بە گوتەی سەرۆکی لێژنه‌ی دابەشکردنی غاز، هیچ کێشەیەکی کەمی غاز لە کارگەکان و دابەشکردنی لە ڕێگەی بریکارەکانەوە نەبووە.