بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی، بڕیارە سبەی غازی پاڵپشتیکراو بە نرخی 500 دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دابەش بکرێت.

ئەمڕۆ سۆران کەمال، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە بە پایتەخت میدیای گوت: "ئەمڕۆ یەکەم کاروانی غازمان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاتووە و لێژنەی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی هەڵەبجە سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بڕیارە سبەی کاتژمێر 7:30ـی بەیانی غازی پاڵپشتیکراو لە ڕێگەی بەنزینخانەکان دابەش بکرێت."

سەبارەت بە هۆکاری دابەشکردنی غازی پاڵپشتیکراو، سۆران کەمال ڕوونیکردەوە، "کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غازی کەم کردووەتەوە، بەم هۆیەوە دابەشکردنی غاز لە کارگەکان کەم بووەتەوە و ناتواندرێت بڕی پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت هەر بۆیە غازمان بۆ ئەم دوو ڕۆژە بەشێوەی پاڵپشتیکراو دابین کردووە."

لەبارەی ناوی ئەو بەنزینخانانەی غازەکەی لێ دابەش دەکرێت، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێ، لە بەنزینخانەی شکار و بەنزینخانەی عەدنان بە کارتی سووتەمەنی پڕۆسەکە دەستپێدەکات.

 
بەگوتەی سۆران کەمال، بۆ ڕێگری کردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی تاوەکو بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە دابەشکردنەکە بە ڕێگەی ( غازی پاڵپشتیکراو و غازی کارگەکان) بەردەوام دەبێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر نۆرەی بەنزینخانەکان بۆ وەرگرتنی غازە پاڵپشتیکراوەکە زۆر قەرەباڵغ بوو ئەوا یەک بتڵ غاز بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت، ئەگەریش قەرەباڵغ نەبوو ئەوا دوو بتڵ غازیان پێ دەدرێت.

شەوی یەکشەممە 8ـی 11ـی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز کەم بووەیەوە.