دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە پێنجوێن دەستی پێکردووە و بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت، قایمقامی پێنجوێن دەڵێ، ئەو بڕە نەوتەی بۆ قەزاکە دیاری کراوە کەمە و بەشیان ناکات.

ئەمڕۆ عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە پایتەخت میدیای گوت: "پێشتر داوامان کردبوو کە یەکەم شوێن دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری قەزای پێنجوێنەوە دەست پێ بکات؛ ئەمەش بەهۆی سەختی وەرزی زستان لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی پێنجوێن 1380 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و بۆ ماوەی 3 مانگ پلەکانی گەرما لە قەزاکەدا دێنە خوار سفر."

لە کۆی 15 تانکەر نەوت کە وەک پشکی قەزاکە تەرخان کراوە، عەدنان کاکەڕەش ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ وەجبەی یەکەم دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا 13 تانکەری نەوت بەسەر ماڵاندا دابەشکراوە و ئەوەی ماوەتە لە وەجبەی داهاتوو دابەش دەکرێت.

بە گوتەی قایمقامی قەزای پێنجوێن، پرۆسەکە لە ڕێگەی کارتی سووتەمەنییەوە ئەنجام دەدرێت و هەر 100 لیتر نەوت بە بڕی 32 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.

لە سنوورەی ناوچەکە 11,552 هاوبەشی نەوت تۆمارکراون، عەدنان کاکەڕەش دەڵێ، ئەو بڕەی کە دیاری کراوە کەمە و بەش ناکات، بەڵکو هەر خێزانێک پێویستی بە 800 بۆ 1000 لیتر نەوت هەیە.