ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێ، خواست لەسەر کڕینی زێر زیادی کردووە.

ئەمڕۆ هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە پایتەخت میدیای گوت: "نرخی مسقاڵێک عەیار 21 بووەتە 876 هەزار دینار، لەکاتێکدا رۆژی پێنجشەممە بە 922 هەزار دینار بوو."

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە ئیستادا خەڵک خواستی لەسەر کڕینی لیرەیە، لە ساڵی ڕابردووەوە نرخی زێر بەم شێوەیەی ئێستا دانەبەزیوە.

سەبارەت بە هۆکاری دابەزینەکە، هەندرێن وەرتی باسی لەوە کرد، نالەباری بارودۆخی ناوچەکە، لەوانە شەڕی گەرووی هورمز و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکە.

نرخی ئەمڕۆی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

• نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24: 978 هەزار دینار.
• نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22: 916 هەزار دینار.
• نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21: 876 هەزار دینار.
• نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18: 750 هەزار دینار.