ئامینا زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات و ڕەوایەتیی سیاسی دەنگی خەڵکە، نەک هێزی میدیایی و ڕێککەوتنە کاتی و گوماناوییەکان، و ڕایگەیاند کە مەسرور بارزانی بە کردار و پشوودرێژی بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی هەرێم دەکات.

 

ئامینا زکری ئاماژەی بەوە دا کە هەر حکومەتێک لە ڕێگەی سندووقی هەڵبژاردن و ویستی ئازادی هاووڵاتیانەوە دەسەڵات وەربگرێت، مافی یاسایی خۆیەتی بەرنامە و پرۆژەکانی جێبەجێ بکات و لەبەردەم گەلدا بەرپرسیار بێت. بە گوتەی ئەو، سەرەڕای ئەوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەست خاو کراونەتەوە و پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا براوەی یەکەم و خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بووە، بەڵام لەسەر بنەمای گفتوگۆ، پشوودرێژی و سازان هەنگاوی ناوە و زۆرجار لە پێناو یەکڕیزی و سەرخستنی حوکمڕانیدا لە مافی خۆی خۆش بووە.

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی کردەوە کە سەرکەوتنی حکومەت بە دروشم نا، بەڵکو بەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیە دەپێورێت کە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروستی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسرور بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە گوتاری گەشەپێدان و خزمەتگوزاری بخاتە شوێنی ململانێی بەردەوامی سیاسی، ئەوەش لە ڕێگەی پرۆژەکانی ڕێگاوبان، دروستکردنی بەنداو و پۆند، پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، دیجیتاڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان، پێشخستنی سیستەمی بانکی، فرەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی ڕۆتین و زیادکردنی شەفافیەت.

 

لەبارەی هۆکاری ڕەخنە و هێرشی نەیارانیشەوە، ئامینا زکری گوتی: «هۆکاری ئەوەی کاک مەسرور بارزانی بووەتە گرێی دەروونیی نەیاران لەوەدایە کە سازش لە مافەکانی گەلی کوردستان ناکات و بەرپەرچی خیانەتکاران دەداتەوە؛ ئەو بەرژەوەندییە کەسی و قۆرخکارییە حزبییەکانی نەپاراستووە و بە ئیرادەیەکی پتەو دژی ئەو هەوڵانە وەستاوەتەوە کە دامەزراوە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، چونکە کێشەی نەیاران لەگەڵ ئیرادەی خۆنەچەماندن و دەوڵەتداریدایە».

 

ئامینا زکری جەختی کردەوە کە کادر و پەروەردەکراوانی ڕێبازی پارتی فێرکراون چاویان لەسەر کردار و ئاکاری خۆیان بێت و ڕەوشتی ململانێ بپارێزن، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە لە بەرانبەر هەوڵەکانی تۆمارکردنی سکاڵا دژی دامەزراوەکانی هەرێم لە بەغدا یان سوکایەتیکردن بە دامەزراوەی پەرلەمان، ئیرادەی مەسرور بارزانی وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم وەستاوەتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئامینا زکری ڕایگەیاند کە مانەوەی مەسرور بارزانی بە زامنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەتایبەت دوای تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنیی تۆکمە و تێپەڕاندنی گەمارۆ و قەیرانەکان بە ئارامی و ژیری.