شیکەرەوەیەکی باڵای ئەمریکی پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخر بە "نمایش بۆ خۆ دزینەوە لە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا" وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە، کە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت چونکە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان، هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی ناوخۆیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
مایکڵ پی پرێجێنت، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سوپای ئەمریکا و شیکەرەوەی باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پۆستکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گومانی خۆی لەبارەی پڕۆسەی چەکدانانی گرووپە میلیشاکان و ڕادەستکردنی ناوچەی جورف سەخر دەربڕی، گوتی: "ببینە کێ لە دانووستان و ڕێککەوتنی پشت ئەم پڕۆسەیە بەشدارە، هەر یەک لە هادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر و ئەبو فەدەک، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی حەشدی شەعبی!"
ئەم ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سوپای ئەمریکا دەڵێت: "ئەوەی ئێستا لە جورف سەخر دەیبینین هەڵوەشاندنەوەی گرووپێکی چەکداری پاڵپشتیکراوی ئێران نییە، بەڵکو دەبین گرووپێکی چەکدار مەڕاسیمی گۆڕینی فەرماندە دەکات و ناوی دەنێت سەروەری عێراق!؛ ئەمە نمایشە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا تا سزای ئابووری بەسەر عێراقدا نەسەپێنێت."
بە گوتەی مایکڵ پی پرێجێنت، ئەو بۆ چەندین ساڵ کاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە و تۆڕی ئەو گرووپە چەکدارانەی خوێندووە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە نابێت سەرکەوتوویی پڕۆسەکە بە زۆری ژمارەی ئەو هێزە ئەمنییانە ببەستینەوە کە دەچنە نێو جورف سەخر، بەڵکو دەبێت سەیری ئەوە بکەین کە کێ فەرمان بەو هێزانە دەکات و کێ دواتر ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکات.
لەبارەی دەسەڵاتی هادی عامری و ئەبو فەدەک، ئەم شیکەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردووکیان کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆیان کردووە، ئامانجیانە عێراق نەکەوێتە ژێر سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، تاوەکو وەک سەرچاوەیەکی ژیان بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 19-11-2026 هێزەکانی عێراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق بەرەو ناوچەی جورف سەخر بەڕێکەوتن و سبەی هەینی دوا وادەیە بۆ هێزەکانی کەتائیب حزبوڵڵا تا ناوچەکە ڕادەست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی ئەمڕۆ گوتەبێژی سەربازیی حیزبوڵڵا لە جورف سەخرەوە هەڕەشەی جەنگی کرد و گوتی: " مهگهر بهسهر لاشهی ئێمهدا بێنه جورف سهخر و ناتوانن شهرعییهتمان لێ وهربگرنهوه!"؛ بەڵام کەمێک لەمەوبەر دەستەی حەشدی شەعبی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، کە سبەی دەست بە گۆڕینی یەکە سەربازییەکانی لە جورف سهخر دەکات و بە ڕێنمایی فەرماندەی گشتی، هێزە هاوبەشەکان بڵاودهكاتهوه.