سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی عێراق و دەرهێنانی ناوچەی جورف سەخر لە ژێر دەستی کەتائیب حزبوڵڵا بەتایبەتی.
ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەبی کۆبوویەوە، تێیدا جەختی لە کردنەوەی سەرجەم ڕێگا داخراوەکانی ناوچەی جورف سەخر و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق کردەوە، ئەمەش بەپێی دەستوور و یاسا.
عەلی زەیدی لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، کە حکومەت کار بۆ پاراستنی ژیان و بەرژەوەندی هاووڵاتییانی لە سەرجەم بەشەکانی وڵات دەکات، هاوکات هەوڵی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافی گشتی و تایبەت دەدات؛ "هێزە ئەمنییەکان یەک جەستە پێکدەهێنن، بەشێوەیەکی تەواوکاری لە سەرجەم بەشەکانی حکومەت کار دەکەن."
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایشی وڵات، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن وڵات ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، هاوکات لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەکی نایاسایی، لەم بارەیەشەوە هەنگاوی جدییان ناوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، عەلی زەیدی ئاماژەی بە بەهێزکردنی پەیوەندییە هەواڵگری و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێ کردەوە، "رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانیش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوام هەیە."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئاشكراکردنی تۆڕێکی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی 'جورف سەخر'ـی کۆنترۆڵکراوی کەتائیب حزبوڵڵا لە پارێزگای بابل، عەلی زەیدی فەرمانی بە سوپای عێراق کرد ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان دەربهێنن. بەڵام هەر ئەم ئێوارەیە گوتەبێژی کەتائیب حزبوڵڵا ڕەتی کردەوە کە گرووپە ناوچەکە بەدەستەوە بدات و گوتی: " مهگهر بهسهر لاشهی ئێمهدا بێنه جورف سهخر و ناتوانن شهرعییهتمان لێ وهربگرنهوه!"