کەسێک لە ئێرلەندا فڕۆکەیەکی ملیۆنان دۆلاری ئەمریکای وێران کرد و ئەگەری هەیە بە 10 ساڵ زیندانی سزا بدرێت.

پێگەی هەواڵی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردەوە، پیاوێکی ئێرلەندی بە ناوی 'دۆهی ئۆکۆراین'، تەمەن 48 ساڵان بە نهێنی چووەتە نێو فڕۆکەیەکی پاسەوانی نیشتیمانی ئەمریکی لە جۆری (سی - 130 هێرکیولس) و بە 'تەورێک' بەشە گرینگەکانی وێران کردووە و لەکاریخستووە، کە لە فڕۆکەخانەیەکی ئێرلەندا وەستێندرابوو.

بەگوتەی داواکارانی گشتی، تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ پلانی بۆ هێرشەکە داناوە، لە ئینتەرنێتدا لەبارەی پێکهاتەی فڕۆکەی (سی - 130 هێرکیولس) بەدوای زانیاریدا گەڕاوە، کە فڕۆکەیەکی چوار بزوێنەری پەروانەییە و بە بەهای 60 ملیۆن دۆلارە، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کەرەستە و سەرباز بەکاردەهێندرێت.

دۆهی ئۆکۆراین بە تەور بۆڕییەکانی هایدرۆلیکی فڕۆکەکەی بڕیوە، پێوەرەکانی ژووری فڕۆکەوانیی تێکشکاندووە و ساچمەی ئاسنی کردووەتە نێو تانکی سووتەمەنی.

لایەنگرانی ناوبراو لە ئینتەرنێت کەمپینێکی کۆکردنەوەی پارە و هاوکارییان بۆ کۆکردووەتەوە و هێرشەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ "تووڕەیی و ناڕەزایی" ناوبراو بەرامبەر بە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک جەنگی ئێران و غەززە.

ئۆکۆراین بە تێکدانی موڵکی حکومەتی ئەمریکا تۆمەتبار کراوە، لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسی ئێرلەندا دەستبەسەرە، بەڵام ڕادەستی ئەمریکا نەکراوە و تا ئێستاش دادگاییکردنی لەسەر ئەم تۆمەتە دیاری نەکراوە.

لە ئەگەری سەلماندنی تۆمەتەکەدا، ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە کە دەگاتە 10 ساڵ، هاوکات لە تۆمارە ئەلیکترۆنییەکانی دادگاشدا ناوی هیچ پارێزەرێک تۆمار نەکراوە کە لە بری ئەو قسە بکات.