ئەمریکا ئەو پیاوە پاکستانییەی سزا دا، کە بە فەرمانی سوپای پاسداران ویستی تۆڵەی قاسم سولەیمانی بکاتەوە و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا تیرۆر بکات.
ئەمڕۆ وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا 'ئەسیف مێرچانت'ـی 48 ساڵانی بە تۆمەتی "هەوڵی ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرستی، کە سنووری نیشتیمانی دەبڕێت" بە 27 ساڵ و نیو زیندانی سزا دا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئەسیف مێرچانت خەڵکی پاکستانە و لە دادگا دانی بەوە ناوە کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە. بە گوتەی خۆی، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی لێکراوە و بۆ پاراستنی ژیانی خێزانەکەی لە ئێران، پلانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکای داڕشتووە.
ناوبراو لە ساڵی 2020، وەک تۆڵەکردنەوەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران، پلانی کوشتنی هەر یەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستا و ئەوکاتەی ئەمریکا، جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و نیکی هایلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرووەکان داوە.
پلانەکە بەم شێوەیە بووە: ئەسیف مێرچانت سەردانی ئەمریکای کردووە و هەوڵی بەکرێگرتنی هەندێک 'پیاو کوژ'ـی داوە، هاوکات جگە لە هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، پلانەکە دزینی نووسراو و دۆکیومێنتی هەستیاری لە ماڵی بەئامانجگیراوان و دروستکردنی خۆپیشاندانێکی لەخۆ دەگرت، تا سەرنج لەسەر تاوانەکە لابدەن. بەڵام پلانەکە شکستی هێنا دوای ئەوەی ئەو کەسەی ئەسیف مێرچانتی بەکرێی گرتبوو، پلانەکەی بە پۆلیسی ئەمریکا گوتبوو.
هەوڵەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکا
سزادانی ئەسیف مێرچانت لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فۆکس نیوز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشكرا کرد، شوێنی نێشتەجێبوونی هەر یەک لە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ گوستراونەتە بۆ بنکەی سەربازی لە وڵاتەکە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ تیرۆکردنی ئەم بەرپرسانە.
جگە لەمەش، کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری 7 بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردبووەوە، زانیاری هەوڵگری ئەمریکا دەریانخستووە کە ئێران پلانی بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپی داڕشتووە، ئەمەش لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمبی 'پیس' یان 'ژهراوی'ـیەوە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.