لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتی حکومەتی عێراق بۆ پارێزگای هەولێر، نرخی نەوتی سپیی بازرگانی لە بازاڕەکاندا ڕووی لە دابەزین کردووە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ 250 هەزار دینار دابەزێت.
ئەمڕۆ سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەی بەغدا، نرخی نەوتی بازرگانی ڕووی لە دابەزین کردووە و پێشبینی دەکرێت 50 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزێت، بەڵام بەهۆی مەترسیی هێرشکردنە سەر ناوچەی جۆرف سەخر نرخی گازوایل بەرز بووەتەوە.
حکومەتی عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی وەک بەشەنەوت بۆ هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، کە ئەمڕۆ بەشە نەوتەکەی پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە کۆگاکان بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
پێشبینی دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەگەر کێشەی ناوچەی جورف سەخر چارەسەر بکرێت و بەشە نەوتی حکومی دابەش بکرێت، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپیی بازرگانی دابەزێت بۆ 250 هەزار دینار.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی پارێزگای هەولێردا گەیشتبووە 400 هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپیی بازرگانی لە هەولێر بۆ 372 هەزار دینار دابەزیوە.