بەشە نەوتی سپیی پارێزگای هەولێر گەیشتە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بڕیارە سبەی پێنجشەممە پرۆسەی دابەشکردنی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێبکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەشە نەوتەکەی پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر و بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە ناوچە شاخاوییەکان وەک یەکەم شوێن لە بالیسان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 31 هەزار دینار پێ بدرێت.
هەر ئەمڕۆ فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، کە بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا تاوەکو پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت.
لە کۆی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی حکومەتی عێراق لە قۆناغی یەکەمدا بۆ هەرێمی کوردستانی دابین کردووە، پشکی پارێزگای هەولێر بریتییە لە 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر.