پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆکیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بەرمیلەکانیان ڕیز نەکەن چونکە تانکەرەکان دەگەنە بەردەم ماڵەکانیان.

ئەمڕۆ کارزان ڕەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەشە نەوتی پارێزگای دهۆک گەیشتووە و هەر ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، کە یەکەم شوێن لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئامێدی، کانی ماسی و بێگۆڤاوە دەبێت.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو بڕە نەوتەی بۆ پارێزگاکان دیاری کراوە، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 31 هەزار دینار پێ دەدرێت.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی دابەشکردنەکە لە ڕێگەی کارتی سووتەمەنییەوە بەڕێوە دەچێت، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان دەکات، چاوەڕوان بن و پێویست ناکات بەرمیلەکانیان ڕیز بکەن، چونکە تانکەرەکانی نەوت دەگەنە بەردەم ماڵەکانیان.

کۆی گشتیی پشکی پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە لەم کاروانەی نەوتدا بریتییە لە 10 ملیۆن و 790 هەزار لیتر.