یەکەم کاروانی نەوتی سپی لەلایەن بەغداوە گەیشتە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بەهۆی کەمیی بڕەکەشەوە بەراورد بە پێداویستیی ناوخۆ، بڕیار دراوە لەم قۆناغەدا هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی 31 هەزار دینار وەربگرێت.

ئەمڕۆ فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئێستادا یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتووەتە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک؛ هەر ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و لە پارێزگای هەولێریش سبەی پرۆسەی دابەشکردن دەستپێدەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا تاوەکو پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت. 

سەبارەت بە گەیشتنی بەشەنەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش ڕوونی کردەوە، ئەوان پەیوەندییان بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە نەکردووە، بەڵکو دەیانەوێت خۆیان لە ڕێگای پارێزگاوە پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە بکەن بۆ وەرگرتنی پشکەکانیان.

هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی زستان پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێم دابین کردووە. 

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان ئەوەشی خستەروو، لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سوودمەندبوونی زۆرترین خێزان، بڕیار دراوە هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 31 هەزار دینار پێ بدرێت.

پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەو 50 ملیۆن لیترە بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کراوە:

•پارێزگای سلێمانی: 19 ملیۆن و 315 هەزار لیتر.
•پارێزگای هەولێر: 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر.
•پارێزگای دهۆک: 10 ملیۆن و 790 هەزار لیتر.
•پارێزگای هەڵەبجە: 1 ملیۆن و 154 هەزار لیتر.