هێزەکانی ئاسایشی هەڵەبجە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو گەنجەی پۆستەری هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ دوو ئیدارەیی دڕاند و بەم هۆیەوە چوار کەسی دەستگیر کرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، گەنجێک بەناوی (لاوان میرزا) لە شاری هەڵەبجە هەستا بە دڕاندنی پۆستەری هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ پرسی "دوو ئیدارەیی"، ئەم ڕووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە "گەنجی مەرد و چاونەترس" ناویان برد.
لە لایەکی ترەوە، کەسوکاری لاوان میرزا بە پایتەخت میدیایان ڕاگەیاند، کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئاسایشی هەڵەبجە هەڵیانکوتاوە سەر ماڵیان بە مەبەستی دەستگیرکردنی لاوان، بەڵام لەو کاتەدا ناوبراو لە ماڵەوە نەبووە.
کەسوکاری لاوان میرزا ئاماژەیان بەوەدا، بەهۆی نەبوونی لاوانەوە لە ماڵدا، هێزەکانی ئاسایش باوکی بەناوی (میرزا) لەگەڵ سێ لە هاوڕێکانی دەستگیر کردوون و بە بنەماڵەکەیان گوتووە: "تاوەکو لاوان دەستگیر نەکرێت، باوکی ئازاد ناکەین."