سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.

 

لە دیدارەکەدا ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری سەرۆک بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەموو کاتێکدا بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکات.

 

 ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی فەرمی فەڕەنسا بریتییە لە پشتیوانیکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوویی و هەمەلایەنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەگێڕێت.

 

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا و خواستنی هیوای سەرکەوتن لە ئەرکە نوێیەکەیدا، ئاماژەی بەوە دا کە گەلی کوردستان بە چاوی ستایش و ڕێزەوە سەیری گەل و حکومەتی فەڕەنسا دەکات بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییانەی بەرانبەر گەلی کوردستان هەیانبووە. 

 

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان شانازی بەو پەیوەندییانەوە دەکات و پەرەپێدانیان لە پێشینەی کارەکانیانە.

 

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.