لە ترسی کەوتنە مەترسی گیانی سەربازەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوپای ئەمریکا توونێلی کۆنکریتی لە چەندین وڵاتی ناوچەکە لێ دەدات.
پێگەی هەواڵی ئارمی تایمز لە ڕاپۆرتێکدا پڕۆژەیەکی سوپای ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا کرد و تێیدا هاتووە، دەیانەوێت 17 توونێلی پتەوی کۆنکریتی لە هەر یەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیسرائیل و لوبنان لێ بدەن، کە بەرگەی هێرشی مووشەکی و درۆنی بگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئارمی تایمز، توونێلەکان بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو پەناگانە لێ دەدرێن کە ئێستا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێندرێن و لە کۆگاکانی نێو کەشتییە بازرگانییەکانەوە دروست کراون. دوایین وادە بۆ وەڵامدانەوەی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری دروستکردنی ئەم توونێلانە 25-11-2026ـە و دەبێت لەماوەی تەنیا 45 ڕۆژدا تەواوی بکەن.
توونێلەکان دیزاینێکی ستانداردیان دەبێت و بۆ بنیادنانێکی خێرا دروست دەکرێن نەک پڕۆسەیەکی دووروودرێژی پتەوکردن، هەر توونێلێک لە سێ بەشی کۆنکریتکراو و دەروازە و دەرگای ئاسنین پێکدێت، هاوکات دەرگاکان بە دیواری کۆنکریتی بەرز لە جۆری 'ئەلاسکا' و سەقفەکەش بە کیسەی خۆڵ (قوم) بە ئەستووری 45 سانتیمەتر دەپارێزرێن.
پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی شەش مانگی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران چەندین بنکەی سەربازی ئەمریکایان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە 23 سەربازی ئەمریکی کوژران. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە پەناگەی ئەو بنکانە بەباشی لە دژی بۆردوومانی ئاسمانی نەپارێزرابوون.
لە مانگی 6ـی ڕابردوو فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەکارهێنانی مۆبایل و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساتی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغە کرد، چونکە ئێران ڤیدیۆی سەربازانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت تا خەملاندن بۆ سەرکەوتووویی هێرشەکانی خۆی بکات.