ئەمریکا زانیاری هەوڵگری پێگەیشتووە کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمبی ژەهراوەییە، بەرپرسانەی ئیدارەی ترەمپ بکاتە ئامانج.

ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری 7 بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە ئاشكرای کرد، زانیاری هەوڵگری ئەمریکا دەریانخستووە کە ئێران پلانی بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داڕشتووە، ئەمەش لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمبی 'پیس' یان 'ژهراوی'ـیەوە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم بەرپرسە ئەمریکییانە، پلانەکەی ئێران زیاتر بۆ دروستکردنی بژاردەی نوێیە بۆ وڵاتاکە نەک دەرخەری هێرش بێت بەم زووانە، بەڵام پلانەکە هەندێک ئامانج و ناوچەی زۆر دیاریکراو لەخۆ دەگرێت، کە ئەمەش کاردانەوەی لەلای ئەمریکا بۆ خۆئامادەکردن و ئاگادارکردنەوە بەدوای خۆیدا هێناوە.

لۆرین بیس، گوتەبێژی کۆشکی سی لە لێدوانێکیدا لەسەر کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە پلانەکەی ئێران گوتی: "ئەمریکا چاودێری هەموو هەڕەشەیەک دەکات، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی باوەڕپێكراو لەسەر خاکی ئەمریکا نییە." بەشێکی دیکەش لە بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە ئەگەری بوونی بریکاری تایبەتی ئێران لە ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکە "جێگەی مشتومڕە."

بۆمبی پیس چییە؟

بۆمبی پیس یان ژەهراوی لە بۆمبی ئەتۆمی جیاوازە، کە پشت بە کارلێکی لەتبوونی ئەتۆمی دەبەستێت. بۆمبە پیسەکان هێشتا دەتوانن تیشکدانەوەی مەترسیداری هەوایی بۆ چەندین کۆڵان یان تەنانەت چەندین کیلۆمەتر بڵاوبکەنەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن هەر زیانێکی گیانی ئەگەری هەیە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوە بێت نەک تیشکدانەوە، لە کاتێکدا دروستکردن و پێکەوەبەستنیان لە هەر بۆمبێکی ئاسایی سەختتر نییە، بەڵام بەشە قورسەکە بریتییە لە دەستخستنی ماددە تیشکدەرەکە.

زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا


پلانی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر کەناڵی فۆکس نیوز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشكرا کرد، شوێنی نێشتەجێبوونی هەر یەک لە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ گوستراونەتە بۆ بنکەی سەربازی لە وڵاتەکە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ تیرۆکردنی ئەم بەرپرسانە.