پاش ئەوەی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی هەستیاری ناوچەی جورف سهخر بەڕێوەچوو، بەهۆی ناکۆکی تووند و جیاوازیی قووڵی لایەنەکانەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند سەرکردەیەکی باڵا کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکیی لەسەر دۆسیەی ئەمنی و سەربازیی جورف سهخر و ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ گەمارۆدان و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناوچەکەدا بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ڕوونی جەختی لەوە کردەوە، کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە پشت تۆڕی فراوانی قاچاخچێتیی نەوتەوە هەن و حکومەت لە ڕێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان پاشەکشە ناکات.
ئەم هەڵوێستە تووندەی عەلی زەیدی لە نێو کۆبوونەوەکە کاردانەوەی تووندی لێ کەوتەوە، سەرچاوە هەواڵییەکانی عێراق ئاشکرایان کرد، هادی عامری، سەرکردەی هاوپەیمانی نەسر و فەرماندەی هێزەکان، لەگەڵ ئەبو ئالا وەلائی، داوایان کرد کە پرسەکە لە ڕێگەی گفتوگۆوە یەکلا بکرێتەوە و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی پەیڕەو بکرێت، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆکوەزیران ڕەتیکردەوە داواکارییەکەیان قبووڵ بکات و لە بڕیارەکەی پاشەکشە بکات، هادی عامری و عەلی زەیدی بە جیا کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاو و ڕێوشوێنەکانی سەرۆکوەزیران لەبارەی سەپاندنی سەروەری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت دەربڕی.