دوای ئەوەی لێژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە 6 پێگەی جورف سه‌خر دەستکاریکردنی بۆرییەکانی نەوت و بوونی 2 پاڵاوگە و چەندین کۆگا و تانکەری تۆمار کرد، حکومەتی عێراق بڕیاری چوونەناوەوەی سوپای بۆ ئەو ناوچەیە دا.

 

ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە بچنە ناو ناوچەی جورف سەخرەوە و مۆڵەتێکی نزیکیش بۆ چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارەکەی ئەو ناوچەیە دیاری کراوە.

 

حەیدەر عەبوودی باسی لەوە کردووە، دۆسیەی جورف سه‌خر چەندین ساڵە وەک دۆسیەیەکی داخراو وەسف دەکرێت، بەڵام حکومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاسایی و دەستوورییەکانی، ڕێکاری گرتووەتە بەر بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی قاچاخچێتیی نەوت.

 

بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لێژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پشکنینی بۆ 6 پێگە کردووە و چووەتە سەر ئەو پۆتانە دیاریکراوانەی لە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵگریدا هاتوون، لە ئەنجامدا دەستکاریکردنێکی ئاشکرای لە بۆرییەکانی نەوتدا تۆمار کردووە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ داپۆشین و شاردنەوەی شوێنەوارەکەی، هاوکات بوونی 2 پاڵاوگە، کۆگا (خەزان) و تانکەریشی لە ناوچەکەدا دەستنیشان کردووە.

 

حەیدەر عەبوودی ئەوەشی خستەڕوو، فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە بە ڕەوانەکردنی سەرجەم تێوەگلاوان و دۆسیەکە بۆ دادگا، ڕاسپاردنی دەستەی دەستپاکی بۆ لێکۆڵینەوە، ڕێگریکردن لە دەرچوونی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان. 

 

گوتەێژی حکومەتی عێراق ڕوونیکردەوە، هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی پەسەندکراو هەن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر کەسێک ببێتە ڕێگر لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکی ئەو هێزانەدا ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.