دوا بەدوای گیان لەدەستدانی مامۆستا هێرۆ ڕەسووڵ لە نەخۆشخانەی دوکان و تۆمەتبارکردنی نەخۆشخانەکە بە نەبوونی کارەبا، قایمقامی دوکان جەخت دەکاتەوە، کە ناوبراو پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو.

 

شەوی ڕابردوو، مامۆستا (هێرۆ ڕەسووڵ) دوای ئەوەی تووشی جەڵتە دەبێت، بە بێهۆشی ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید غەریب هەڵەدنی لە قەزای دوکان دەکرێت، بە گوتەی بنەماڵەکەی، بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە نەخۆشخانەکەدا نەتوانراوە ئامێرە پزیشکییە پێویستەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بەکاربهێنرێن و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

 

لە بەرامبەردا، سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە کە باس لەوە دەکەن مامۆستا هێرۆ بەهۆی نەبوونی کارەباوە گیانی لەدەستدا بێت، بەڵکو بەپێی ڕوونکردنەوەی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید غەریب هەڵەدنی، ناوبراو پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا ئەمە دووەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید غەریب هەڵەدنی لە دوکان کە تێیدا نەبوونی کارەبا بە هۆکاری سەرەکی دەزانرێت.

 

سیروان لالە سەرحەد ئاماژەی بەوە دا، لەم دوو هەفتەیەدا کێشەی کەمیی کارەبای نیشتمانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و نەخۆشخانەی دوکانیش وەک هەر فەرمانگە و ماڵێکی دیکە کارەبای کەم بووەتەوە.

 

قایمقامی قەزای دوکان دووپاتی کردەوە، نەخۆشخانەکە مۆلیدەی هەبووە بەڵام گرفتێکی تەکنیکیی هەبووە و ئەمڕۆ چاک کراوەتەوە، ئەگینا هیچ گرفتێکی دیکە لە ئارادا نییە.

 

سیروان لالە سەرحەد جەختی کردەوە، بە شێوەی مەیدانی و لە نزیکەوە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە و هاوکات بەشدارییان لە پرسەی مامۆستا هێرۆدا کردووە.

 

سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی وزەی کارەباش لە هەمان نەخۆشخانە لە ماوەی ڕابردوودا، قایمقامی دوکان گوتی: "ئەوە حاڵەتێکی ئاسایی بووە و بەهۆی جەڵتەوە بووە نەک نەبوونی کارەبا."