وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، کە تاوەکو ئێستا هیچ فەرمان و نووسراوێکی فەرمی بۆ داخستنی پلاتفۆرمی تێلێگرمیان نەگەیشتووەتە وەزارەتەکەیان.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە دەنگۆی داخستنی هەر پلاتفۆرمێکی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە لەو بارەیەوە پێ نەگەیشتووە.

 

لە ڕاگەیدندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی گەیشتنی نووسراوی فەرمی بۆ ئەم بابەتە یان هەر بابەتێکی دیکەی هاوشێوە، دوای بەدواداچوون لەسەر لێکەوتە و ڕەهەندەکانی خزمەتگوزارییەکە و وەرگرتنی بۆچوونی دامودەزگا تایبەتمەندەکان لە ڕووی یاسایی و ئەمنییەوە بڕیاری لەسەر دەدەن.

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەختی کردووەتەوە، هەر بڕیارێک لەو بارەیەوە بدرێت، لەژێر ڕۆشنایی یاسای وەزارەت ژمارە 19ی ساڵی 2011 دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گەیاندن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.