ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بڕیاریان لەسەر کاتی پێدانی کارەبا داوە و لە شەوڕۆژێکدا زۆرترین ئاستی 14 کاتژمێر پێدانی کارەبا دەبێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر و ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان، خشتەیەکی نوێ بۆ کارکردنی مۆلیدەکان لە سنووری پارێزگاکە دەرچوو و بڕیاردرا لە ئەمڕۆوە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدەکان ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، کە واژۆی خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لەسەرە، خشتەی نوێی کارکردنی مۆلیدەکان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:

• بەیانیان: لە کاتژمێر 7:00 تاوەکو 9:00.
• نیوەڕۆ و شەو: لە کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 1:00ی شەو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەم دوو کاتەدا هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، پێویستە مۆلیدەکان کار پێبکەن، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، هەر خاوەن مۆلیدەیەک لەم خشتەیە زیاتر کار بکات بۆی ئەژمار ناکرێت.