پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی دەکات و ئامادەیی تەواوی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پارتی لە ڕۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانیدا، بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.
گوتەبێژی پارتی جەختی لەسەر سازدانی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە وەڵامدەرەوەی ویست و خواستەکانی هاونیشتمانییان بن و ئەم قۆناغە سەختە بە سوودی گەل و نیشتمان تێپەڕێنن.
سەرۆک بارزانی لە بانگەوازێکدا داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە دابنیشن بۆ ئەوەی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.