لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی لە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی، پارتی چاکسازی تورکمان جەختی کردەوە کە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان کلیل و بنەمای سەرەکیی تێپەڕاندنی قەیرانەکانە.
ئەمڕۆ پارتی چاکسازی تورکمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە گرنگییەوە پێشوازی لە بانگەواز و دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی کرد بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسانە لە نێوان هێزە سیاسییەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی فراوان لە هەرێمی کوردستان.
پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان دەبێت لە سەرووی سەرجەم بەرژەوەندییە حزبی و سیاسییەکانەوە بێت، چونکە پاراستنی قەوارەی دەستووری، سەقامگیری و بەردەوامی دامەزراوەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی چاکسازی تورکمان جەختی لەسەر پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی پێکهاتەی تورکمان کردەوە، بە تایبەتی مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و بەشداریی کاریگەر لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ناوەندەکانی بڕیارداندا.
لە کۆتاییدا پارتی چاکسازی تورکمان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد. بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە وەڵامی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بدەنەوە تا حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگی پێک بهێنرێت.