سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوزیرانی عێراق بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەردوولا باسیان لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و مسۆگەرکردنی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2027 کرد.

دەقی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی:

ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووینەوە. بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆرمان سەرکۆنە کرد و هاوڕابووین لەسەر کۆتاییهاتنی هێرش و پەلامارەکانی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کرد و دووپاتیشی کردەوە کە ئەم زیادبوونە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر گەشەپێدان و ئابووریی عێراق دەبێت.

لە بارەی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جەختم کردەوە لە گرنگیی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2027 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

هەروەها بیروڕامان لەبارەی چەند تەوەرێکی گرنگ ئاڵوگۆڕ کرد، لەوانە: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و داهاتی نەوتی و نانەوتی و بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی2027 و پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها یاسای نەوت و گاز.

جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش و دانوستان و لێکتێگەیشتن کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بکات