عەلی زەیدی هۆشداری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ جەنگ دەدات، هاوکات هەڕەشەی دەستگیرکردنی میلیشاکانی وڵاتەکە دەکات لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە جەنگ.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی مەدا لە ڕاپۆرتێکدا زانیاری لەبارەی دوایین کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرا کرد و بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی لە وەڵامی پێشنیاری قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی هەق بۆ بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە جەنگی ئێران گوتی: "گرووپە چەکدارەکان دەستگیر دەکەین ئەگەر بۆ یارمەتیدانی ئێران بەشداری جەنگەکە بکەن."

عەلی زەیدی ئاماژەی بە پلانێکی دزەپێکراوی ئەمریکای بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران کردووە، کە پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە و تێیدا سێ سیناریۆ لەخۆ دەگرێت، یەکێکیان بریتییە لەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقەوە باشووری ئێران داگیر دەکەن، لەبەرامبەردا ئێران فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی کوەیت داگیر بکات.

بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکەی ئاگادار، میلیشکانی عێراق نایانەوێت چەک دابنێن، هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەسەر ئەم پرسە تا ئێستا ڕوون نییە. لەسەر ئەم پرسە، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە زەیدی گوتووە: "ئێمە لە دۆخی جەنگ و چاوەڕوانیداین، ئەگەر ئاگربەست بکرێت چەکەکانمان دادەنێین، بەڵام ئەگەر جەنگ هەبێت، داواکارییەکەت بەدینایەت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی فشارە نێوەدەوڵەتییەکان بۆ سەر عێراق داوە، جەختی کردووەتەوە کە "واشنتن قێز لە خاوی پڕۆسەی چەکداماڵینی میلیشکان دەکاتەوە" و داوا دەکات، بەزووترین کات و بەبێ دواکەوتن پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام گرووپە چەکدارەکان بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا ناکەن، چونکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ،  هیچ کاتێکی دیاریکراویان بۆ پڕۆسەکە دانەناوە.

هۆشدارییەکانی عەلی زەیدی دوای ئەوە دێت،  ئەمریکا زیاتر لە 100 فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، فڕۆکەی بارهەڵگری جەنگی و یەکێک لە دەگمەنترین فڕۆکە هەواڵگرییەکانی خۆی ناردووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە جگە لەوەی دوێنێش کەشتی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤڵت' ناردە ناوچەکە.

ئەم پێشهاتانە ئاماژە بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکەن، کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەم دوو وڵاتە، ئەمجارە ژێرخانی وزە، پرد و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردوومان دەکەن.