پارێزگای هەولێر لەبارەی لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی ڕابردوو کۆبووەوە و 5 بڕیاری بەپەلەی بۆ خاوێنکردنەوەی شار و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەرکرد.

ئەمڕۆ پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگار و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای شارەکە و لێکەوتەکانی شەپۆلی لافاوەکەی شەوی ڕابردوو ئەنجام دا و تێیدا زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، بە پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش بۆ دەستبەجێ خاوێنکردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی قوڕ و لیتە و پاشماوەی لافاویان تێدا کۆبووەتەوە، هەروەها لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا بە مەبەستی دیاریکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی لافاوەکە.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، بەشی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردرا بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە ماددییەکانی هاووڵاتییان. 

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و ڕێگاوبانی هەولێر ڕاسپێردران بۆ پاککردنەوەی ڕێگاکانی دەوروبەر و دەرەوەی شار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریش ئەرکدار کرا بە خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەموو ئەو پارێزگارانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و پشتیوانی دەربڕیوە، هەروەها پێزانینی خۆی ئاراستەی تیمەکانی خۆبەخشان، دەزگا خێرخوازییەکان و ئەو هاووڵاتییانە کرد کە لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوکار و هەماهەنگ بوون.