سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ دۆخی نالەباری کەشوهەوا و لافاوی چەند گەڕەکێکی هەولێر دەکات و دەستەکانی فریاکەوتن دەخاتە ئامادەباشییەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێوەندییەکی دەنگیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕەوشی شارەکە و دەوروبەری کۆڵییەوە، کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک تووشی کێشە ببوون.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی دەستە و کۆمەڵە جیاوازەکانی فریاگوزاریی کرد بۆ بەهاناوەچوونی خێرای هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.
مەسرور بارزانی، پارێزگاری هەولێری ڕاسپارد تاوەکو هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنە بەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەهۆی بارانی بەخوڕ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لافاو دروست بوو و زیانی زۆر بە ماڵ و سامانی هاووڵاتییان گەیشت، هاوکات لە چەندین شەقامدا هاتووچۆ پەکی کەوت.