بەغدا لە ماوەی 12 ساڵدا مووچەی 8 ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و تەنیا 2.04%ـی بودجەی گشتیی عێراقی داوەتە هەرێم.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی داتا و زانیاریی وردی لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2025 بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کاغەز و لە خشتە فەرمییەکاندا 146 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بەغدا تەنیا 41 تریلیۆن دیناری ناردووە. ئەمەش دەریدەخات کە لە ماوەی 12 ساڵدا تەنیا پارەی 46 مانگ نێردراوە و 98 مانگی مووچەی فەرمانبەران، کە دەکاتە زیاتر لە 8 ساڵ، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خەرج نەکراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە خەرجیی سەروەریی عێراق بەشدار بووە، لە کاتێکدا بەغدا بڕگەکانی خەرجیی سەروەریی لە 10 بڕگەوە بۆ 100 بڕگە زیاد کردووە تا پشکی هەرێم کەم بکاتەوە و پێشمەرگەشی لە شایستەکانی بێبەش کردووە.
ئەم کێشە داراییە لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێ کردووە، کاتێک پشکی هەرێم لە 17%ـەوە بۆ 12.67% کەم کرایەوە، سەرەڕای ئەوەی بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2024، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ـی عێراق پێکدەهێنێت.