وا بڕیاره ئهمشهو بەهۆی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریاسپی ناوەڕاستەوە، شەپۆلێکی دیكهی بارانبارین و هەورەتریشقە ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بكات.
كهمێک لهمهوبهر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویكردهوه، لە کاتەکانی پێش نیوەشەو نمەبارانی ناوبەناو و هەورەتریشقە لە زاخۆ، دهۆک، سۆران، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامی دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ دوای نیوەشەو بارانبارین لە ناوەڕاست و باکووری هەرێم لاواز دەبێت، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە و چەمچەماڵ بارانی بەلێزمە و هەورەبروسکە دەبارێت.
لە کاتەکانی بەیانی زوودا، شەپۆلی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان، کەرکووک، شوان، ئاخجەلەر، کۆیە و دەشتی هەولێر.
کەشناسی هۆشداریی داوە کە پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەی گەرمیان، شوان، ئاخجەلەر و ناوچەکانی باشووری هەولێر دەکرێت.
لای خۆیەوە، ژووری ئۆپەراسیۆن و قەیران و کارەسات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلەکە لە ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026 تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت.
ژووری ئۆپەراسیۆن و قەیران و کارەسات لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە لە ماوەی کاریگەریی ئەم شەپۆلەدا و بەهۆی مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنە مەترسیدارەکان.
بەپێی ئاماری بڕی بارانی 12 کاتژمێری ڕابردوو، ناحیهی مانگیش له دهۆک باڵاترین ڕێژەی بارانبارینی بە 19.6 ملم تۆمار کردووە و دهۆکیش بڕی 13.6 ملم بارانی تێدا باریوە.
کەشناسی جەختی کردەوە کە سەرجەم تیمە فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر حاڵەتێکی نائاسایی کە ڕەنگە بەهۆی بارانبارینی بەلێزمە و هەورەتریشقەوە لە ناوچە جیاوازەکان دروست بێت.