سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرش و چالاکی سەربازی دژی ئێران.

 

ئه‌مڕۆ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕایانگەیاند، دەستپێکی مانگی نوێ و تاریکی شەو لە ناوچەکە، وەک دۆخێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی سەیر دەکرێت.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن لە نزیکەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی هێرشەکان دەدات بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

 

ترەمپ ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سەرەڕای ئارەزوومەندبوونی بۆ نەکرانەوەی جەنگێکی بەرفراوان، بەڵام ئەگەر پێویست بکات هەنگاوی سەربازیی نوێ دەگرێتە بەر و وەڵامی تاران دەداتەوە.

 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێستادا خەریکی کۆتاییهێنان بە ئامادەکارییە سەربازییەکانە، هەرچەندە هێشتا فەرمانی فەرمی بۆ دەستپێکردنی هێرشی فراوان نەدراوە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییەکان و هەوڵەکانی قەتەر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن، بەڵام جموجووڵە سەربازییەکان نیشاندەری ئەوەن کە مەترسیی پێکدادانی نوێ لە ئارادایە.