بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا، کە گومان دەکرێت بەهۆی پەلامارێکی مووشەکییەوە بووبێت، دەریاوانێک گیانی لەدەست دا و کەشتییەکەش گەیەندراوەتە بەندەرێکی بەحرەین.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە زاری کۆمپانیای یۆنانی ڤێلۆس تانکەرزەوە کە بەڕێوەبەری کەشتییەکەیە بڵاویکردەوە، نەوتهەڵگری 'ئێم تی ڤێلۆس سەفایەر' کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە، لە کاتێکدا بە بەتاڵی بەرەو بەحرەین دەڕۆیشت، کراوەتە ئامانج.

 

کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا گیانلەدەستدانی یەکێک لە دەریاوانەکانی پشتڕاست کردەوە کە سەرەتا بێسەروشوێن ببوو و دواتر بە برینداریی سەختەوە لەسەر کەشتییەکە دۆزرایەوە؛ هاوکات دەستەی کەشتییەکە توانیویانە ئاگری تەقینەوەکە بکوژێننەوە بێ ئەوەی هیچ بریندارێکی تر یان پیسبوونی ژینگەی دەریایی تۆمار بکرێت.

 

ئەم پەلامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە ڕێڕەوە کەشتیوانییەکانی کەنداو بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، لەژێر مەترسیی بەردەوامی بەئامانجگرتنی مووشەکی و پەککەوتنی ئاسایشی دەریاییدان.