وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوچەرخکردنی کەرتی گواستنەوەی گشتی بە پاسی مۆدێلی 2026 و چالاککردنی سیستەمی پێوەری تاکسی (تاکسی میتر) ڕاگەیاند.
ئهمڕۆ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەنددا کراوە بۆ دابینکردنی پاسی مۆدێلی 2026 کە بە بەرنامەی زیرەک کار دەکەن؛ سەرەتا لە هەولێر و دواتریش لە سەرجەم پارێزگاکانی تردا دەکەونە کار.
وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی تاکسییەکان 95 لەسەدی تەواو بووە و زیاتر لە 70 هەزار تاکسی تۆمار کراون؛ هاوکات ئامێرەکانی پێوەری تاکسیش گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە بەشەدانی (قیستی) درێژخایەن دەدرێنە شۆفێران، کە سیستەمی شوێندۆزی (GPS) و کامێرای چاودێرییان تێدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی.
سیستەمی تاکسی میتر یان پێوەری تاکسی، ئامێرێکی ئەلیکترۆنی زیرەکە کە لەناو ئۆتۆمبێلی تاکسیدا دادەنرێت بۆ ئەژمارکردنی ورد و دادپەروەرانەی کرێی گواستنەوە، لەسەر بنەمای ئەو دوورییەی ئۆتۆمبێلەکە دەیبڕێت لەگەڵ ئەو کاتەی بۆ گەشتەکە تەرخان دەکرێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی هاوچەرخکردنی ژێرخاندا، هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنەوەی شارستانییانەی کەرتی گواستنەوە چڕ کردووەتەوە، تا گرفتی جەنجاڵی لە شەقامەکاندا چارەسەر بکات و خزمەتگوزارییەکی ئاستبەرز بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکات.