ڕاستیی ڕووداوی ونبوونی شاخەوانەکان لە لووتکەی چیای هەڵگورددا ئاشکرا کرا و دەرکەوت هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە، بەڵکو بەهۆی پچڕانی هێڵی پێوەندی و تەمومژەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێڕەوی ڕۆیشتنیان لێ تێک چووە.

 

ئه‌مڕۆ سەرهەد عەبدوڵڵا، پەیامنێری پایتەخت میدیا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا ڕایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونی گۆڕەپانی و پێوەندیی ڕاستەوخۆی شاخەوانەکان بە کەرتی گەشتوگوزارەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی باس لە ونبوونی 5 کەس و کەوتنی ژیانیان بۆ ناو مەترسییەکی گەورە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.

 

پەیامنێری پایتەخت گوتیشی: "شاخەوانەکان کە ژمارەیان 4 کەس بووە و خەڵکی پارێزگای دهۆکن، دووپاتیان کردووەتەوە کە گیریان نەخواردووە و لە ساغوسەلامەتیی تەواودان، بەڵکو تەنیا بەهۆی نەمانی هێڵی پێوەندی بۆ ماوەیەک لە پێوەندی دابڕاون و لە کاتی گەڕانەوەدان."

 

لە کاتی دابڕانی پێوەندییەکاندا، بەهۆی دۆخی سەختی چیاکەوە هەواڵی جیاواز لەسەر چارەنووسیان بڵاو کرایەوە، بەڵام شاخەوانەکان لە ڕێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە لایەنە پێوەندیدارەکانیان لە سەلامەتیی سەرجەم ئەندامانی دەستەکەیان دڵنیا کردەوە.

 

كاتژمێرێک له‌مه‌وبه‌ر، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران و گوتەبێژەکەی ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی کڕێوە و تەمومژی چڕ لە چیای هەڵگورددا، 5 دەستەی فریاکەوتن بە سەرپەرشتیی کاروان میراودەلی و بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەکانی چۆمان و سیدەکاندا بۆ گەڕان بەدوای ونبووەکاندا دەستبەکار بوون.

 

چیای هەڵگورد وەک 2ـەمین بەرزترین لووتکەی کوردستان بەردەوام لە وەرزی پاییز و زستاندا بەهۆی گۆڕانی خێرای کەشوهەوا و بەفربارینەوە مەترسی بۆ گەشتیاران دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات دەستەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیی بەردەوامدا بن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.