کۆمپانیای دانەگاز، ڕاپۆرتی دارایی و ئەنجامی کارکردنی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و ئامارەکان گەشەیەکی بەرچاوی داهات و قازانجی کۆمپانیاکەیان لەو ماوەیەدا ئاشكرا كردووه.
ئهمڕۆ کۆمپانیای دانەگاز، وهكو گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە بواری گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دهقی ڕاپۆرتێكی لهبارهی كارهكانییهوه بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه، كه قازانجی پوختی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی 48٪ بەرزبووەتهوە و گەیشتووەته 152 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا 103 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر و باشتربوونی نرخەکانی گاز و نەوت لە بازاڕەکاندا.
بهگوێرهی ڕاپۆرتهكه، کۆی داهاتی نۆ مانگی ئەمساڵی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی 48٪ هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 377 ملیۆن دۆلار، لە بەرامبەر 255 ملیۆن دۆلاری ساڵی ڕابردوو، کە لەم داهاتە بڕێکی یەکجاریی پێوهندیدار بە ڕاستکردنەوەی پێوانەکردنی گاز لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.
هاوكات له ڕاپۆرتهكه دهردهكهوێت، كه تەنیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، قازانجی پوختی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی 50٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 45 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش نیشاندەری باشتربوونی دۆخی کارکردن و بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی گازە بۆ وێستگەکانی کارەبا.
تێکڕای بەرهەمهێنانی دانەگاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 6٪ زیاد بووە و گەیشتووەتە ڕۆژانە 55 هەزار و 800 بەرمیل هاوتای نەوت، لە کاتێکدا پشکی کۆمپانیاکە لە بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ڕۆژانە 42 هەزار و 300 بەرمیل هاوتای نەوت.
پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250) لە کێڵگەی کۆرمۆر توانیویەتی توانای پاڵاوتن و ئامادەکردنی گازی کێڵگەکە بە ڕێژەی 50٪ زیاد بکات و بگەیەنێتە 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، هەرچەندە لە سەرەتای ساڵدا بەرهەمهێنان بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و تێکچوونی دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیرابوو.
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی، کۆمپانیاکە ناردنی گازی بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا دەستپێکردووەتەوە.
لە پڕۆژەکانی داهاتوودا، پەرەپێدانی کێڵگەی گازی چەمچەماڵ لەژێر چەتری کۆمەڵەی هاوبەشی پێرڵ پێترۆلیۆم بە گوژمەی 160 ملیۆن دۆلار بەردەوامە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵی 2026 هەڵکەندنی بیرەکان دەست پێبکات بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2028 یەکەم بەرهەمی گاز بێتە کایەوە.
دانەگاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا توانیویەتی 156 ملیۆن دۆلار لە شایستە داراییەکانی لە هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە، بەڵام بەهۆی پسوولەی پسپۆڕانەی پێوانەکردن و قەرزی بازرگانی، پشکی کۆمپانیاکە لە قەرزەکانی لای حکومەتی هەرێم لە کۆتایی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 189 ملیۆن دۆلار.
لە بەرامبەردا، دۆخی کۆمپانیاکە لە میسر زۆر جیاواز بووە و دانەگاز توانیویەتی سەرجەم شایستە داراییەکانی نۆ مانگی ئەمساڵی بە بڕی 74 ملیۆن دۆلار بە تەواوی وەرگرێتەوە بێ ئەوەی هیچ قەرزێکی دواکەوتوو لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە.