دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دۆزینەوە و تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی لە پارێزگای کەرکووکدا ڕاگەیاند، پاش ئەوەی لە ڕێگەی هەڵمەتێکی هەواڵگریی پێشوەختەوە دەستی بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی ئەندازیاریی سوپای عێراقدا، توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) نەناسراو کە تەقەمەنییەکی جەنگی هەڵگرتبوو، لە شوێنی دۆزینەوەکەیدا بە تەقینەوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو لەناو بەرن بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و دارایی لێ بکەوێتەوە.
ئەم پێشهاتە ئهمنییه لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممەش دەستە پسپۆڕەکان مووشەکێکیان لەسەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کۆن لە ناوچەی سێکانیان لە باکووری کەرکووکدا پووچەڵ کردبووەوە؛ هاوکات دەزگاکانی ئاسایش تا ئێستا سەرچاوە، لایەنی هەڵدەر و ئامانجی ئەم درۆنە بۆمبڕێژکراوەیان ئاشکرا نەکردووە.
ناوچەکانی کەرکووک لە ڕابردوودا چەندین جار بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازییەکان بەکار هێنراون؛ ئەمەش وای کردووە دەزگا هەواڵگرییەکان چاودێرییەکی ورد بەسەر ئاسمان و زەویی پارێزگاکەدا بسەپێنن.