لە چیای هەڵگورد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا، بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی کەشوهەوا، بەفربارین و دروستبوونی تەمومژی چڕ، 5 شاخەوانی خەڵکی پارێزگای دهۆک ون بوون و چارەنووسیان تا ئێستا نادیارە.
ئهمڕۆ ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژووری کۆنتڕۆڵ و چاودێری ئاگادار کراوەتەوە کە گرووپێکی 7 کەسی شاخەوانی لە دهۆکەوە بە مەبەستی گەشت و شاخەوانی ڕوویان لە لووتکەی چیای هەڵگورد کردووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ڕوونی کردەوە، بەهۆی کڕێوەی توند و نالەباریی کەشوهەواوە شاخەوانەکان ڕێگەیان لێ تێک چووە؛ بە جۆرێک تا ئێستا شوێنی 2 کەسیان لە ناوچەیەکی سەختدا دیاری کراوە، بەڵام 5 کەسی تریان بەتەواوی ون بوون.
دەستبەجێ 5 دەستەی فریاکەوتن و ڕزگارکردن بە سەرپەرشتیی کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگریی شارستانی چۆماندا گەیشتوونەتە ناوچەکە بۆ دەستپێکردنی گەڕان.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، دەستەیەکی تایبەتی شارۆچکەی سیدەکان لەگەڵ دەستەکانی شاخەوانیدا بەشداری لە هەڵمەتە بەرفراوانەکەدا دەکەن بۆ کێوماڵکردنی شوێنە شاخاوییە سەختەکان لە بەرزایییەکانی چیاکەدا.
هەڵمەتی ڕزگارکردن لەژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا لەنێو بەفربارین، سەرمای سەخت و تەمومژێکی چڕدا بەڕێوە دەچێت، کە مەودای بینینی بەتەواوی سنووردار کردووە و ئاستەنگی بۆ دەستەکان دروست کردووە.
دەزگاکانی ئاسایش و دەستەکانی فریاکەوتن لە هەوڵی بەردەوامدان تا پێش تاریکبوونی تەواوەتی ناوچەکە بتوانن بەرەو 5 شاخەوانە ونبووەکە بچن و لە مەترسیی سەرما و ڕەقبوونەوە ڕزگاریان بکەن.
چیای هەڵگورد بە یەکێک لە بەرزترین و سەختترین لووتکە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە لە وەرزی پاییز و زستاندا بەهۆی گۆڕانی لەناکاوی کەشوهەواوە بەردەوام مەترسی لەسەر گیانی شاخەوانان و گەشتیاران دروست دەکات.