دادگایەکی ئیستەنبووڵ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ فاتمە بەتول سایان کایا، وەزیری پێشووی خێزان و جێگری پێشووی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)دا دەرکرد؛ بەمەش دەبێتە یەکەمین ژنە وەزیر لە تەواوی مێژووی تورکیادا کە لەسەر پرسی گەندەڵی و دەستکاریکردنی بەهای پشکەکان زیندانی بکرێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاویانکردەوە، دادگای سزای ئاشتی لە ئیستەنبووڵ پاش وەرگرتنی وتەکانی کایا لە نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارەدا، فەرمانی گرتنی ناوبراوی دەرکرد؛ هاوکات ئیلیاس کایای هاوسەری و ئیبراهیم عومەر گۆنول، سەرۆکی پێشووی دەستەی بازاڕی سەرمایە (SPK)، بە مەرجی دادوەری و قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵات ئازاد کران.
بەپێی نووسراوی فەرمی داواکاری گشتی بۆ دادگا، دەستی کایا بە زانیاریی نهێنی گەیشتووە و لە ڕێگەی هەژمارێکی گرووپی تێراوە پشکەکانی کۆمپانیای کەشتیوانی ئۆزاتای کڕیوە و لە 16ی ئەیلوولدا فرۆشتوویەتی، واتە ڕێک یەک ڕۆژ پێش دەرچوونی بڕیاری فەرمی پاکتاوکردنی سندووقە دارایییەکان لە 17ی ئەیلوولدا.
ناوبراو لە بەرامبەر وەبەرهێنانێکی سەرەتایی 163 ملیۆن لیرەدا قازانجی 2.17 ملیار لیرەی (نزیکەی 43 ملیۆن دۆلار) دەست کەوتووە و بە پێچەوانەی یاسای فەرمی دوو ڕۆژی کار (T+2)، پارەکەی بە شێوازی گواستنەوەی ڕاستەوخۆ (T+0) لە هەمان ڕۆژدا خراوەتە سەر هەژمارەکەی پێش ئەوەی بازاڕ دابڕمێت.
ئەم دەستگیرکردنە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورەی دەسەڵاتی دادوەری لە دژی قهیرانی دەستکاریکردنی بازاڕی دارایی لە تورکیادا، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 430 کەس لەژێر لێکۆڵینەوەدان و تا ئێستاش 112 کەسیان بە فەرمی دەستگیر کراون.