شارهزایهكی كهشناسی هۆشداری لە گەیشتنی شەپۆلێکی بەهێز و بەرفراوانی بارانبارین دەدات کە بەهۆی یەکگرتنی دوو نزمەپەستانی دەریای سوور و دەریای سپیی ناوەڕاستەوە دروست دەبێت و ئەگەری دروستبوونی هەوری کەڵەکەبووی بەهێز (سوپەرسێڵ) و لافاوی کاتیی لێ دەکرێت.
ئەمڕۆ هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هەورەبروسکەی بەهێز، بارانی بەلێزمە و تەرزە لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا چالاک دەبێت؛ هاوکات ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە دەبنە چەقی سەرەکی شەپۆلەکە.
ئهو شارهزایهی كهشناسی ڕوونی كردهوه، بارستەهەوری کەڵەکەبووی بەهێز کە بە سوپەرسێڵ ناسراوە لە بەشێک لە ناوچەکاندا دروست دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێردا، بڕی بارانبارین بگاتە 100 بۆ 150 ملیمەتر.
ناوبراو هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە شوێنە نزمەکان و چەم و دۆڵ و ڕووبارەکاندا دا؛ هاوکات مژدەی ئەوەشی بە جووتیاران بەخشی کە بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەکەوە، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی پەڵە دەدەن.
لهلایهكی دیكهوه، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، هۆشداری لە چڕبوونەوەی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەدات کە بەهۆی یەکگرتنی دوو نزمەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوورەوە دروست دەبێت، بە جۆرێک مەترسیی دروستبوونی لافاوی لە بەشێک لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیاندا لێ دەکرێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی دهڵێت: "کاریگەریی شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە بە بارانی پچڕپچڕ و هەورەبروسکە دەست پێدەکات و لە کاتەکانی ئێوارەدا تەواوی ناوچەکانی تر دەگرێتەوە."
ههروهها ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم هەردوو نزمەپەستانەکە قووڵ دەبنەوە و شێوازی بارین دەگۆڕێت بۆ لێزمەبارانی بەخوڕ و تەرزە؛ هاوکات پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن و خێراییی با لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ 15 تا 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختی لە بەردەوامی ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە سەرانسەری ناوچەکاندا بۆ ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە کردەوە.
کەشناسیی هەرێم ئاماژهی بهوهداوه، کاریگەریی شەپۆلەکە لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکەوە دەست پێدەکات و لە ئێوارەدا تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە؛ بە جۆرێک بڕێکی بەرچاو باران لە ناوەندی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیاندا دەبارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسی، با لە ئاراستەی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بە خێرایی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت و مەودای بینین لە کاتی داباریندا بۆ 5 تا 7 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە؛ هەروەها پلەکانی گەرماش 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بەپێی کەشناسی بریتی دەبن لە: هەولێر، چەمچەماڵ و ئاکرێ 20 پلە، سلێمانی و دهۆک 18 پلە، هەڵەبجە 21 پلە، زاخۆ و پیرمام 17 پلە، گەرمیان 27 پلە، و لە حاجی ئۆمەرانیش نزمترین پلە بە 13 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.