زنجیرەفرۆشگەکانی تیم مارت کڕینەوەی تەواوی 50 تۆن لە بەرهەمی هەناری باخەوانانی هەڵەبجەی بە نرخێکی گونجاو ڕاگەیاند، پاش ئەوەی بەروبوومەکەیان لە بازاڕە ناوخۆیییەکاندا بێ کڕیار مابووەوە.
ئەمڕۆ کارگێڕیی زنجیرەفرۆشگەکانی تیم مارت لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پڕۆژەی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی بەرهەمی خۆماڵیدا، بڕیاریان داوە تەواوی ئەو هەنارەی باخەوانانی هەڵەبجەدا بکڕنەوە.
ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە هات کە باخەوانانی هەڵەبجە بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان لە هەڵەبجە و سلێمانیدا ڕوویان لە هەولێر کرد و لە ماوەی تەنیا 5 خولەکدا سەرجەم 50 تۆن هەنارەکە بە نرخێکی چاک و شایستە لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە کڕدرایەوە.
ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی هەنار لە هەرێمی کوردستاندا، جووتیاران بەهۆی نەبوونی کۆگای ساردکەرەوە و ئاستەنگی بەبازاڕکردن تووشی پاشەکشەی نرخ دەبنەوە؛ ئەمەش هاتنەپێشەوەی کەرتی تایبەت و سەرمایەداران بۆ پاراستن و ساغکردنەوەی بەرهەمی نیشتمانی پێویست دەکات.