گفتوگۆکانی تایبەت بە داماڵینی چەکی دەستە چەکدارەکان لە عێراقدا گەیشتووەتە بنبەست و سەرچاوەیەکی حکومەتیش هۆشداری لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بۆ سەر شەقام و تێکچوونی باری ئاسایش دەدات.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی نزیک لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، دەستە چەکدارەکان ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە و هێرش و ڕەخنەکانیان دژی سەرۆکوەزیران و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی چڕتر کردووەتەوە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە پێشەنگی ئەو هێزانەدان کە دژی ڕادەستکردنی توانستی سەربازییان وەستاونەتەوە؛ هاوکات هەوڵەکانی حکومەت لەلایەن ڕەوتی نیشتمانی شیعی بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدر، ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عەممار حەکیم و عەسائیبی ئەهلی حەقەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

 

پرسی چەکی لەدەستدەرچوو یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئاستەنگەکانی بەردەم دەوڵەتی عێراق، کە بەردەوام بەهۆی بەستراوەیی ناوچەیی و پێداگریی دەستەکان لەسەر پاراستنی باڵادەستی سەربازییان، ڕەوتی چەسپاندن و بەهێزکردنی سەروەریی یاسای پەکخستووە.