سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و باسی ئاسایش و بەکارهێنانی خاکی عێراقیان بۆ جەنگ کرد.
ئەمڕۆ نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئاسایش و بەرەوپێشچوونەکانیان بۆ داهاتوو تاوتوێ کرد.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوکەی نووسینگەی عەلی زەیدی دا هاتووە، هەردوولا جەختییان لە هەڵوێستی عێراق کردەوە، کە داوای ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و بەکارنەهێنانی خاکی عێراق وەک گۆڕەپانی جەنگ بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەکات.
لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا جەختیان لە پێویستی بەکارهێنانی چارەسەری ئاشتییانە و گفتوگۆی دروستکەرانە کردەوە، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و خەڵک بپارێزرێت.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و زەیدی دوای ئەوە دێت، سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە پەرەسەندنی بەرچاو بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکەن. چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر گرووپی چەکداری کەتائیب حزبوڵڵای عێراق هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ئاشكرا کرد و ڕایانگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێت، بەشداری جەنگەکە دەکەن و دژی ئەمریکا دەوەستنەوە.